۱۳۹۶ اردیبهشت ۶, چهارشنبه

حاسڵ داسە: بوونی حیزب بۆ کورد لە ئێران لە هەموو شتێک گرنگترە

حاسڵ داسە، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی کورد لە خولی شەشەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا باس لە کەموکوڕییەکانی حکومەتی ڕووحانی دەکات و دەلێت تا ئێستا بە کردەوە هیچ نەکراوە و دەستنیشانیشی دەکا کە بە بەدواداچوونیان بۆ مەسەلەی لەسێدارەدانەکان کردووە
داسە هەروەها سەردانەکەی مەسعوود بارزانی بۆ تورکیا بە ئەرێنی دەزخانێ و دەڵێ "سەردانی بارزانی بۆ تورکیا کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ئێران دادەنێت" و داواش دەکا "ئێران زیاتر بایەخ بە کورد بدات.
ئەو ئەندامەی پێشووی فراکسیۆنی کورد لە خولی شەشەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، بوونی حیزبێک بۆ کوردان لە ئێران بە پێیوست دەزانێ و وەک ئەو دەلێ "وەک ئاوی حەیات وایە".
بەگوتەی حاسڵ داسە "ئەگەر حیزبێکی یاسایی هەبوایە ئەمڕۆ کورد لە پێشتر دەبوو".
حاسڵ داسە داوای حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ گفتگۆ لەگەڵ حکوومەتی ئێران بە "داوایەکی رەوا" دەزانێ و داوا لە کۆماری ئیسلامیش دەکا "بۆ چارەسەریی پرسی کورد، لەگەڵ خەڵک و نوێنەرانی خەڵک بێتە سەر مێزی گفتگۆ."

سازدانی: جەمال نەجاری


 پ: هەندێ کەسایەتی و لایەنی سیاسیی کوردی پێیان وابوو بە هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی وەک سەرۆککۆمار، قۆناغێکی نوێ بۆ نەتەوەکانی ناوخۆی ئێران، لەوانە کورد دروست دەبێ، خوێندنەوەی ئێوە چییە. ئایا لەم ماوەیەدا گۆرانکاری دەکرێ؟ و لەم ماوەی رابردوودا چ کراوە؟
حاسڵ داسە: ئەم پرسیارەی جەنابت بۆ تێکڕای کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ چالاکانی سیاسی و نوێنەرانی پەرلەمان، پرسیارێکی مەترەحە، چ بۆ ئەوانەی لەناو دەسەڵات دان و چ بۆ ئەوانەی وەک خەڵکی ئاسایی. بۆ وەلامدانەوە بەو پرسیارە دەبێ بگەرێینەوە پیش هەڵبژاردن بۆ ئەوەی بزانین وەزعی کوردستان چۆن بوو. خەڵک لە ژێر گوشارێکی زۆری ئابووریدا بوو، هیچ ئومێدێک نەمابوو لە ژیانی خەڵکدا، ئێمە شاهیدین خەڵکێکی زۆر خۆیان کوشت، خەڵکێکی زۆر بێکار بوون، ناهومێدیی لاوان و چینی خوێندەواری کۆمەڵگە. ئەوە فەزای پێش هەڵبژاردن بوو لە کوردستان، ئەو کاتە هیچ رێگایەک نەبوو بۆ چارەسەری، بۆیە بڕیارماندا کە لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا پشتیوانی لە کەسێک بکەین کە بتوانێ تۆزێک ئاڵوگۆڕی پێک بێنێ، هاتنەسەرکاری ئاغای رووحانی بەشی هەرە زۆری مەدیونی خەڵکی کورد و ئەهلی سووننەتی ئێرانە و زۆرینەی دەنگەکان هی کورد و ئەهلی سووننەت بوو. دەبوایە لە پێکهاتەی حکومەتیشدا کورد و ئەهلی سووننەتیش بوونیان هەبوایە، ئێمە ئەوە بە داوای خۆمان دەزانین. مومکینە هەرگیز نەماندەنێ، بەڵام کورد و ئەهلی سووننەت نزیکەی 5 میلیۆن و نیو تا 6 میلیۆن دەنگیان بە ڕووحانی داوە. لە پارێزگای خۆی ئاغای ڕووحانی 45% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەڵام لە کوردستان نزیک بە 80% خەڵک دەنگیان بە رووحانی داوە، بۆیە کوردبە حەقەوە ئەو داوایەی هەیە و دەبێ لە پێکهاتەی دەسەڵات بەشداریی بکا. ئێمە ئەوانەی لە دەسەڵات نزیک بووین، چالاکانی سیاسی داوامان کرد کە دەنگ بە رووحانی بدرێ، ئێستا ئاغای رووحانی دەبێ وەڵام بداتەوە، ئاغای رووحانی لە ئێستادا بە کردەوە هیچی نەکردووە، بەڵام نەشیگوتووە نایکەم.
پ: بەڵام هەر وەک دیتمان لە راپۆرتی 100 رۆژەی حەسەن ڕووحانیدا هیچ شتێک سەبارەت بە نەتەوەکانی ناوخۆی ئێران نەهاتبوو، هەروەها بینیمان لەم ماوەیەدا رێژەی لەسێدارەدان لە بلووچستان و خوزستان و کوردستان زیادی کرد، ئایا ئەمە بەواتای کپکردنی چالاکانی ناوخۆ نییە؟
حاسڵ داسە: دروستە لە راپۆرتی 100 رۆژەدا هیچ باسێک نەکراوە، بە شێوەی عەمەلی جارێ هیچ نەکراوە، تەنانەت سەبارەت بە مافەکانی هاوڵاتی کە ئاماژەیەکی پێکرابوو، ئێمە نارەزایی خۆمان دەربڕی، چونکە لە بەندەکانی 116 و 117 باسی ئەقوام کراوە و ئەمە زۆر کەمە، من داوا لە هەموو ئەو کەسانەی کە ئیسڵاح تەڵەبن، خاوەنی فیکرن، مافناسن، بە شێوەیەک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن سەبارەت بە کێشەی کورد و ئەقوام لە ئێران و ئەهلی سووننەت کە بێن بیرو بۆچوونی خۆیان بنووسن لەو سایتەی کە ماوەی یەک مانگیان دیاریکردووە بۆ ئەوەی بەشی مافەکانی هاوڵاتی پێداچوونەوەی بەسەردا بکەن. سەبارەت بەلەسێدارەدانەکان، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە، ئێمە لەگەڵ دەوڵەت قسەمان کردووە، بەڵام دەوڵەت بەشێکە لە دەسەڵات، دەسەڵات پەیوەندی بە جێی دیکەشەوە هەیە، ئەوەندە دەزانین کە ئەو دەوڵەتە توانایی رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ هیزی دادوەری (قوە قضاییە) نییە سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە داوە کە بچن دەنگی ئێمە و نارەزایی ئێمە بە لایەنی قەزایی بگەیەنن. هەڵبەت ئەوە لە بەرپرسایەتی دەوڵەت کەم ناکاتەوە چونکە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، شەخسی سەرۆککۆمارە. ئێمە داوامان کردووە لەو ئەنجوومەن مەسەلەی ئێعدامەکان لێکۆلینەوەیان لەسەر بکرێ، پێشیبگرن و لە سزای تاوانەکان کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی لە فەزای کوردستان بێتە دی و دەوڵەت وەک وەڵامدانەوەیەک بەو دەنگە زۆرەی خەڵک سزای لەسیدارەدانی زیندانیانی سیاسی هەڵوەشێنێتەوە. من هیوادارم و نائومید نیم بەڵام تەواوی دەسەڵات لەبەردەستی دەوڵەتدا نییە، نابێ زۆر شت لە کوردستان وەک تاوان لەقەڵەم بدرێ، دروشمی (بژی کورد و کوردستان) نابێ وەک تاوانی سیاسی بخرێتە پاڵ کەسێک، کەس نابێ لەسەر ئەو دروشمە بانگ بکرێ، چ بگا بەوەی بە چاوی ئەمنیەتی سەیر بکرێ. بۆیە ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە بەرپرسانی کوردستان کەسانێک بن کە لە فەرهەنگی کوردستان حاڵی بن و لەگەڵ ئەوخەڵکە گەورە ببن. ئەگەر دەوڵەت پێشنیارەکانی ئێمە رەچاو بکات کاری قوەی قەزاییە ئاسان دەبێتەوە.
پ: لە ماوەی رابردوودا بەڕێز بارزانی سەردانی تورکیا و باکووری کوردستانی کرد و ئەم سەردانە لە مێدیاکانی ناوچەکە بایەخی پێدرا، پێتان وایە سەردانی بارزانی بۆ تورکیا کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ئێران دەبێ؟
حاسڵ داسە: ئێمە لێرە ئەو مەسەلەیەمان مەترەح کرد و بە حەساسییەتەوە باسی ئەو سەردانەمان کرد، لەوەی کە کورد حزووری هەبێ لەو جێیانەی کە بڕیار دەدرێ ئەوە جێی خۆشحاڵییە، ئێمە پێمان خۆشە کورد لە هەموو جێیەک دەنگی خۆی هەبێ و کاریگەری هەبێ. لێرەدا نەفسی سەردانەکە و حزووری بارزانی نەک نێگەتیڤ نییە بەڵکوو پۆزەتیڤە، ئێمە نیگەرانی ئەوەین کە دەبێ کورد وەک باڵانس سەیر بکرێ نەک قورساییەک کە کوردێکی دیکەی پێ بشکێنەوە چاو لە کورد بکەن، هەتا کوردانی تورکیا بەرەو دیموکراسی هەنگاو باوێن، ماف و داخوازییەکانیان گەرەنتی بکرێ لە دەستووی ئەو وڵاتەدا، هەتا ئەوان دەنگیان بەرزبکەنەوە، بە دڵنیایی کاریگەری لەسەر کورد لە کوردستانی ئێرانیش هەیە.
ئێمە ئەوە سەردانەی بارزانی بۆ تورکیا و پێشوازی کاربەدەستانی تورک لە بارزانیمان وەک نموونە بۆ جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران هێنایەوە کە لە تورکیا ئەوە کراوە و ئێمە داوامان کردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێ بایەخی زیاتر بە کورد بدەن، ئێمە ئێستا بە حەسرەتەوە چاو لە ژیانی کوردانی تورکیا دەکەین. بەلێ ئەو سەردانانە کاریگەری لەسەر ئێمە داناوە و ئێمەش وادەکەین کە کاریگەری لەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش هەبێ. بۆیە دروستە کە دەلێین کاریگەری لەسەر کورد لە ئێران هەیە.
پ: بارزانی لە ئامەد پەیامێکی ئاراستەی گەلانی تورک و فارس و عەرەب کرد بۆ ئاشتی، دەسەڵاتی ئێران چۆن لە پەیامەکەی بارزانی دەڕوانێت؟
حاسڵ داسە: دەبێ چاوەڕوان بین و لە داهاتوودا قەزاوەت بکەین کە ئاخۆ ئەمە بە جیدی وەردەگرن یان بە ئاسایی وەریدەگرن، ئێمە پێمان وایە لەبەر ئەوەی کاک مەسعود پەیوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ ئێران دروستکردووە، ئەو پەیوەندییە دەتوانێ پردێک دروست بکات لە نێوان کوردانی ئێران و کوردانی عێراق و کوردانی تورکیا و هەروەها دەتوانێ پردی پەیوەندییەکیش بێ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئێران و تورکیا.
پ: باشە ئێوە لەسەر ئەو باوەرە هەن کە دەبێ پرسی کورد لە ئێران وەک نەتەوەیەکی بندەست بخرێتە بەرباس یان هەر دەبێ وەک هاوڵاتی پلە دوو یان سێ سەیر بکرێ؟
حاسڵ داسە: بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە دەبێ بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخ داواکانمان بەرینە پێشەوە.
هەر وەک گوتم جونکە لە ئێران دەسەڵات تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا نییە نابێ هەموو شتێکمان لە دەوڵەت بوێ. ئەگەر دەوڵەتیش بیەوێ بیکا رێگرییەکی زۆر هەیە، بۆیە لە ئەنجامدا دەلێم؛ ئەو شتەی کە دەوڵەت پێی دەکرێ و ئێمە لێمان دەوێ، ئەوەی دیکە دەبێ هەوڵی دیکەی بۆ بدرێ. ئەگەر کورد ئیزنی هەبا کە حیزبێکی سیاسی لە ئێران هەبا و بەشێوەی یاسایی کاری کردبا، رەنگە ئەمڕۆ کێشەی کورد لە پێشتر با.
پ: ئاماژەتان بە بوونی حیزبێکی کوردی کرد، بوونی وەها حیزبێک جەندە پێویستەو چۆن دەتوانێ پرسی کورد لە ئێران زەق بکاتەوە؟
حاسڵ داسە: بوونی حیزب بۆ کورد لە ئێران لە هەموو شتێک گرنگترە و وەک ئاوی حەیات وایە. ئەگەر من ئێستا بچم لەگەڵ بەرپرسێک دابنیشم، چوار کەس هەڵدەستن دەلێن: داسە چ کارەیە؟ ئەگەر نوێنەر دەلێن نوێنەری خەڵکە، هەر کەسە و ئیرادێکی لێ دەبینەوە، ئەگەر کورد لە ئێران حیزبێکی هەبێ واتە لە تاران و لە سنە و کرماشان و مەهاباد و ورمێ و شارەکانی دیکەی کوردستان نووسینگەی هەبێ، لایەنگر و ئەندامی هەبێ، بە شێوەی کارناسی چاو لە مەسەلەکان دەکا، چونکە رەسمی و یاساییە هەم دەوڵەت بایەخی پێ دەدا هەم هەزاران کەس دەبنە ئەندام و دێن قسەیخۆیانی تێدا دەکەن. حیزب دەتوانێ مەسەلەی کورد لە ئێران بەرەو پێشەوە ببات.
پ: ماوەیەکە هەندێ حیزب و لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای دیالۆگ و گفتگۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە و کۆماری ئیسلامی تا ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە، ئێوە چۆن لە داوای ئەو حیزبانە و بیدەنگی کۆماری ئیسلامی دەڕوانن؟
حاسڵ داسە: کاتێ ئێران لەگەڵ ئەمریکا دادەنیشێ بۆ مەسەلەی ناوەکی، ئەوە دەکرێ سەرەتایەک بێ بۆ دانیشتنی گەورەتر. مەسەلەی کوردیش جودا نییە لەو باسە، هەم کۆماری ئیسلامی هەم خەڵکی کورد دەبێ لە سەر مێزی دیالۆگ باس لە کێشە و گرفتەکانیان بکەن و چارەسەرییەک بدۆزنەوە. من هەر ئەو کاتەی لە مەجلیسیش داوای ئاشتی نەتەوەییم کرد و ئەگەر دەرفەتێک بێتە پێش و لێبوردنی گشتی رابگەیەندرێ و هەموو لایەنەکان بگەنە ئەو باوەڕەی کە گفتگۆ دەتوانێ رێگە جارە بدۆزێتەوە. رەنگە ئستا لە ناو بەشێکی دەسەڵات رێگە نەدەن ئەو داوایە سەر بگرێ، بەڵام من پێم وایە کە دەبێ کاری بۆ بکەین و ئەوەی کەحیزبەکانی کوردستانی ئێران داوای گفتگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران دەکەن من ئەوە بە شتێکی خراپ نازانم و دەبێ بەردەوامی هەبێ.
پ: چ پێشنیارێکتان هەیە چ وەک خۆتان چ وەک چالاکانی ناوخۆی ئێران بۆ چارەسەی پرسی کورد لە ئێران و چ داوایەکتان خستۆتە بەر دەم دەسەڵاتی ئێران؟
حاسڵ داسە: ئەو شتەی ئێمە لە حکومەتی ئێرانمان دەوێ شتێک نییە کە ئەنجام نەدرێ، ئەوەی دوا کراوە هەر ئەو شتانەن کە ئیمکانی بەرێوەچوونیان هەیە، ئێمە لە مەسایلی ئابووریش خۆمان بواردووە کە دەوڵەت دەلێ قەرزدارم، ئێمە دوای پرۆژەی گەورەی فرۆکەخانە و پاڵاوگەی نەوت و رێگاوبانمان نەکردووە، بەڵکوو داوای زۆر شتی سەرەتاییمان کردووە کە خەڵکی کورد هاوکاری حکومەتی کردبێ، دوای ئەوەمان کردووە کە حکومەت روانگەی خۆی بۆ مەسەلەی کوردستان کە روانگەیەکی ئەمنییەتییە بگۆرێ بە روانینێکی فەرهەنگی و یاسایی و سوود وەربگرێ لەو کەسانەی کە لەلایەن خەڵکەوە تەئید کراون، ئەوە نە پەیوەندی بەدۆلارەوە هەیە، نە پەیوەندی بە گەمارۆی ئابوورییەوە هەیە و پەیوەندی بە هیچ شتێکە لەوانە نییە، پەیوەندی بە بەرێوەبردنەوە هەیە، متمانەی بە خەڵک هەبێ و خەڵکیش متمانەی بە حکومەت هەبێ، هەتا ئەو متمانەیە لە نێوان خەڵک و حکومەت دروست نەبێ کارەکانی دیکە بەرە پێش ناچن. ئەگەر رۆژێک ئەو متمانەیە نەمێنێ کە زۆر لاوازە بەڵام دەکرێ ئەو متمانەیە ببوژێتەوە و دەوڵەت دەبێ دەست پێ بکا و لە کەسانی کورد کەڵک وەربگرێت و سوود لە تەجرەبە و ئەزموونیان وەربگرێت.

دەقی وتووێژەکە لە یوتیوب:





هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر